سەبارەت بە ڕووداوی سووتانی چیای ئاویەر و شەهیدبوونی سێ چالاکوانی ژینگە و چالاکیی مانگرتنی گشتی لە ٢٩ی تەمموزی ٢٠٢٥
لە ڕووداوێکی دڵتەزێن و ناخۆشدا، چیای ئاویەر لە نزیک شاری سنە ئاگرى گرت و ژمارەیەک لە چالاکوانانی ژینگە کە بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە ڕوویان لە بەرزاییەکانی ئاویەر کردبوو، شەهید و بریندار بوون.
بە ناوی کۆمیسیۆنی ژینگەی KNK، پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەوە و کەسوکاری سێ چالاکوانی ژینگەپارێزی شاری سنە، شەهیدان(حەمید مورادی، چیاکۆ یوسفی نەژاد و خەبات ئەمینی)دەکەین، کە گیانیان لە پێناو پاراستنی ژینگە و نیشتمانەکەماندا بەخشى. هەروەها هیوای چاکبوونەوەی خێرا بۆ بریندارەکانى تر دەخوازین کە لەژێر چاودێریی پزیشکیدان. ئەم مرۆڤە فیداکارانە نموونەیەکی بەرچاوی هەستکردن بە بەرپرسیارێتی و تێکۆشانی دڵسۆزانەن لە پێناو ژینگەی کوردستان. یاد و ناویان هەمیشە بەرز و ڕێگایان پڕ ڕێبوار بێت.
جەخت لەسەر ئەو ڕاستییە دەکەینەوە کە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە شێوەیەکی سیستەماتیک، نەک هەر ژینگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی تاڵان کردووە، بەڵکو هیچ هەوڵێکیشی بۆ پاراستنی نەداوە و بە ئەنقەست کار بۆ وێرانکردنی دەکات. دەستگیرکردنی چالاکوانانی ژینگە و دەرکردنی حوکمی زیندان بۆیان، سووتاندنی دارستانەکان و نەبوونی هیچ پلانێک بۆ پاراستنی ژینگە، تەنها نیشانەی کەمتەرخەمیی دەسەڵات نییە، بەڵکو هەوڵێکی ئامانجدارە بۆ لەناوبردنی سروشتی ڕۆژهەڵاتى کوردستان. ئەمەش لە چوارچێوەی پەیوەندییەکی نایەکسان و نایاساییدایە لە نێوان دەسەڵات و سروشتدا، کە ژینگەی کردووەتە چەکێک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەلی کورد. هەر بۆیە، تێکۆشان بۆ پاراستنی ژینگە بەپرسێکی سیاسی و بنەڕەتی دەزانین، چونکە لەژێر سیستەمێکداین کە ژینگەی کوردستانی کردووەتە گۆڕەپانێک بۆ سزادان.
بە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ڕادەگەیەنین کە کەمتەرخەمی لە ئاست سووتاندنی ژینگەى سروشتى و دارستانەکان، لەناوبردنی ناوچە پارێزراوەکان، دەستدرێژیکردنە سەر سەرچاوە ئاوییەکان و زیانگەیاندن بە ژینگە، تەنها دژایەتیکردنی ژینگە و گەلی کورد نییە، بەڵکو دژایەتیکردنی ژیان، مێژوو و مرۆڤایەتییە.
وەک کۆمیسیۆنی ژینگەی KNK، تا ئەو کاتەی سووتاندن، تاڵانکردن و وێرانکردنی سروشتمان کۆتایی دێت، لە تێکۆشانی مەدەنی و ژینگەپارێزیی بەردەوام دەبین. پشتیوانیی تەواومان بۆ ڕێکخراو و ئەنجومەنە ژینگەییەکان، گرووپە خۆبەخشەکان و سەرجەم ئەو کەسانە دووپات دەکەینەوە کە دڵسۆز و پارێزەرى ژینگە و کوردستان.
داواى یەکڕیزی و هاودەنگی لە گەلەکەمان و هەموو ژینگەدۆستان و مرۆڤدۆستان دەکەین، پێکەوە فشارێکی نێودەوڵەتی لەسەر کۆماری ئیسلامی دروست بکەین، بۆ ئەوەی ڕێگری لە تاڵانکردن و وێرانکردنی ژینگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بگیرێت. لەپێناو پاراستنى سروشت و دابینکردنی ژیانێکی ئازاد بۆ گەلی کوردستان و گەلانى جیهان.
ژینگەکەمان، نیشتمانمانە، پاراستنی ئەرکمانە!
کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان – کۆمیسیۆنى ژینگە
٢٩ی تەمموزی ٢٠٢٥