لە چوارچێوەی کەمپەینی “ئازادی بۆ عەبدوڵڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد”، کە ماوەی دوو ساڵە لە سەرانسەری جیهاندا لە لایەن دۆستانی کوردەوە بەڕێوەدەچێت، لە 8ی تشرینی دووەمی 2025، (2025.11.08)، لە شاری کۆڵنی ئەڵمانیا، ڕێپێوان و گردبوونەوەیەکی گەورە بە ناوی “ڕێپێوانی ئازادیی بۆ ئۆجالان” ڕێکدەخرێت.
بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجالان ماوەی 27 ساڵە لە دورگەی ئیمرالی بە دیل گیراوە و لەژێر گۆشەگیریی تونددایە. لەم دۆخی دیلێتی و گۆشەگیرییەشدا، هەم بەخۆدان دەکات و هەم بە فیکر و بیروڕاکانی خۆی خزمەتی شۆڕشی کوردستان دەکات، کار بۆ چارەسەری کێشەی کورد دەکات. ماوەی زیاتر لە ساڵێکە بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لەگەڵ دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی تورکیا دانوستان دەکات. سەرەڕای ئەم دۆخە، هێشتا لەژێر گۆشەگیریدایە. ئەم دۆخە جێگای قبوڵ نییە و دەبێت بە زووترین کات ئازاد بکرێت. پێویستە ئازادیی بەڕێز ئۆجالان وەک ئازادیی تاکەکەسێک سەیر نەکرێت. ئازادیی بەڕێز ئۆجالان و چارەسەری پرسی کورد بەیەکەوە گرێدراون، هەربۆیە ئازادییەکی هەمەلایەنەیە. هەروەها هەر کردارێک بۆ ئازادیی بەڕێز ئۆجەلان بەشێکە لە كار و چالاکی بۆ چارەسەرکردن پرسی کورد.
بۆ ئەوەی ئۆجالان بتوانێت کاری زیاتر بۆ پێشخستنی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک بکات. پێویستە بە ئازادیی بجووڵێت و ئاسانتر بتوانێ لەو پێناوەدا خەبات بکات. ساڵێک لەمەوبەر باخچەلی وتی با بێتە پەرلەمانی تورکیا و لە پەرلەمان قسە بکات.
ئێمە وەک کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان ئەو ڕێپێوان و گردبوونەوە یەکە لە 8ی مانگی داهاتوودا لە شاری کۆڵن بەڕێوە دەچێت، وەک بەشێک لە ئەرک و کارەکانمان دەبینین و گرنگییەکی زۆری پێدەدەین. بەم بۆنەیەوە داوا لە کوردانی ئەورووپا و دۆستانی کورد دەکەین بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە بەشداریی لەم ڕێپێوان و گردبوونەوەیەدا بکەن و بانگەوازی ئازادیی بەرز بکەنەوە.
ئێمە لە 8ی مانگی 11 دا لە شاری کۆڵنین، بە هیوای دیداری هەموو دۆستان و هەڤاڵانین !
بە هیوای ڕێپێوان و گردبوونەوەیەکی زۆر گەورە و بە هیوای کۆبوونەوەیەکی پڕ جۆش و خرۆش و گەشاوە و دڵخۆشکەر !
کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان
2025.10.31 برۆکسل






