سوریا ئێستاکە لە بەردەم چوارڕیانێکی مێژووییدا وەستاوە و ڕووخانی ڕژێمی دیکتاتۆری بەعسی بەشار ئەسەد دەرفەتێکی ناوازە بۆ پێناسەکردنەوەی داهاتووی “نەتەوە” دەڕەخسێنێت. ئێستاکە، زیاتر لە جاران، پێویستییەکی بەپەلە هەیە بۆ دروستکردنی سوریایەکی نوێ- واتە سوریایەک کە ناسنامە نەتەوەیی و ئایینی و کولتوورییە فرەچەشنەکانی خۆی لە باوەش بگرێت و لە هەمان کاتدا دیموکراسی و دادپەروەری و یەکسانی بۆ هەموو خەڵکەکانیی فەراهەم و بە هێز بکات.
لە ساڵی 2012وە بەڕێوەبەریی خۆسەریی باکور و رۆژهەلاتی سوریا بۆ کار بۆ پەیڕەوکردنی ئەم دیدە بۆ سوریایەکی دیموکرات ئەکات.
لەم ناوچەیەدا، ژنان، گرووپە ئەتنیکییە جیاوازەکان و پێکهاتە ئاینیەکان بۆ بەرەنگاربوونەوە لە هەمبەر دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) و گروپە جیهادییەکانی تر یەکیان گرت و مۆدێلێکی خۆبەڕێوەبەرییان دامەزراند کە نوێنەرایەتی دەنگی هەمووان ئەکات. بە درێژایی ئەم ماوەیە و لەم ئەزموونەشدا، ئیدارەی خۆسەری دیموکراتی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە بەردەوامی جەختی لەسەر پابەندبوونی خۆی وەک بەشێکی دانەبڕاو لە سوریا کردۆتەوە.
ئەم مۆدێلە دیموکراسییە،کە لەڕێگەی هەوڵە هاوبەشەکانی کورد، عەرەب، ئەرمەنی، ئاشووری، تورکمان، و چەرکەس، سوننە، شیعە، عەلەوی، مەسیحی، دروزی، ئێزدی و سوورییەکانی دیکە پێکهاتووە – ڕووبەڕووی هێرشی بێوچان لەلایەن دەوڵەتی تورکیا بۆتەوە. تەنانەت لە کاتێکدا سورییەکان ئاهەنگی ڕزگاربوون لە دەسەڵاتی ڕژێمی ئەسەد ئەگێڕن، دەوڵەتی تورکیا ناسەقامگیری سوریا دەقۆزێتەوە بۆ ئەوەی ناوچەکانی ئیدارەی خۆسەری دیموکراتی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بکاتە ئامانج. دەستدرێژییەکانی تورکیا، لەوانەش هێرشی ئاسمانی و کۆکردنەوەی میلیشیا جیهادییە پرۆکسییەکانی، مەترسییەکی گەورە بۆ سەر پێشکەوتنەکانی ئیدارەی خۆسەری دیموکراتی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و بۆ داهاتووی سوریا بە گشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بەرفرەتر، دروست دەکات.
لە کاتێکدا لایەنە جۆراوجۆرەکان لە ناوخۆی سوریا و لە گشت جیهاندا بۆ گەیشتن بە چارەسەریەکی سیاسی بۆ ئەو وڵاتە تێوەگلاوەی شەڕ خەریکی هەوڵدانن، دەوڵەتی تورکیا شەڕی خۆی لە دژی ئیدارەی خۆسەری دیموکراتی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا چڕترکردۆتەوە، چونکە نایەوێت سەقامگیری یان پێکەوەژیان لە سوریا بەرەوپێش بچێت. هەر بۆیە، دوابەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسی سوریا، سوپای تورکیا بە هەماهەنگی لەگەڵ میلیشیاڤپڕۆکسییەکانی خۆی، هێرشیان کردۆتە سەر شاری مەنبەجی فرە ئەتنیکیی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا.
پێویستە سوریایەکی دیموکراتیکی ڕاستەقینە مافەکانی ژنان بپارێزێت، کە بەهایەکی گرنگیی ئیدارەی خۆسەری دیموکراتی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا یە. ڕاپۆرتەکانی ڕفاندنی ژنانی کورد، لە ناویاندا ئەندامانی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) لەلایەن پڕۆکسییەکانی سەر بە تورکیاوە لە ناوچەی شەهبا، پێویستییەکی بە پەلە بۆ دەستێوەردانی ناونەتەوەیی دەخەنە ڕوو.
زۆرێک لەو ژنانە بێسەروشوێن کراون، هاوکات هاووڵاتیانی مەدەنی کورد بە بەردەوامی بەرەوڕووی ڕفاندن و ئەشکەنجە و بێسەروشوێنکردن لەلایەن میلیشیا پڕۆکسییەکانی تورکیا دەبنەوە. پێویستە نەتەوە یەکگرتووەکان دەستبەجێ لێکۆڵینەوە لەو کردەوە هۆڤان و نامرۆڤانانە بکات.
داواکارییەکانمان
لە بەر رۆشنیایی پێشهاتەکانی ئەم دواییەدا و هاوکات لە دۆخی مەترسیداری سوریادا، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا- دەکەین کە ڕێوشوێنی یەکلاکەرەوە بگرنەبەر:
یەکەم؛ ڕاگرتنی هێرشە دەستدرێژکارییەکانی تورکیا: هەنگاوی خێرا بنێن بۆ وەستاندنی هێرشە سەربازییەکانی تورکیا، لەوانەش هێرشە ئاسمانی و تۆپبارانەکانی هێزە چەکدارەکانی تورکیا و ئەو کردەوانەی لەلایەن میلیشیا پڕۆکسییەکانی سەر بە تورکیاوە ئەنجام ئەدرێن؛ هەر وەها داوا دەکەین لە دژی هەوڵەکانی داگیرکاری سوپای تورکیا لە سوریا بوەستن.
دووەم. دانپێدانان بە ئیدارەی خۆسەری دیموکراتی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا: دانپێدانانی فەرمی بە ئیدارەی خۆسەری دیموکراتی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و دڵنیابوون لەوەی کە ئەم ئیدارەیە لە هەموو بڕیارە سیاسی و ئیدارییەکانی پەیوەست بە داهاتووی سوریادا حیسابی بۆ دەکرێت. پێویستە کورد لە هەموو مشتومڕ و گفتوگۆ پەیوەندیدارەکان سەبارەت بە داهاتووی سوریا بەشدار بێت. ئەو کێشە و ئالنگارییانەی ڕووبەڕووی سوریا دەبنەوە بەبێ بەشداریکردنی کۆمەڵگەی کوردی سوریا ناتوانرێت چارەسەر بکرێن.
سێیەم. پێشکەشکردنی یارمەتی مرۆیی: گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بەپەلە بە مەبەستی هاوکاریکردن لەگەڵ دامەزراوەکانی ئیدارەی خۆسەری دیموکراتی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە مەبەستی چارەسەرکردنی پێداویستییە جۆراوجۆرەکانی ئاوارەکان.
زۆر گرینگە کۆمەڵگەی جیهانی بە خێرایی بۆ پشتگیریکردن لە ئیدارەی خۆسەری دیموکراتی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و هەر وەها پاراستنی ئەم مۆدێلەی سوریایەکی دیموکراتیک و گشتگیر لەم کاتە گرنگەدا هەنگاو بنێت.
کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان
8ی دێسەمبەری 2024
برۆکسل