ئێمە هەرگیز کۆمەڵکوژیی هەڵەبجە لەیاد ناکەین  

Share this article

لە کەسێتی شەهیدانی هەڵەبجەو ئەنفالدا هەموو شەهیدانی کوردستان بەبیردێنینەوە، رژێمە داگیرکەرو بکوژەکانی کوردستانیش بە توندی شەرمەزار ئەکەین 

ئێمە هەرگیز کۆمەڵکوژیی هەڵەبجە لەیاد ناکەین 

پێش 38 ساڵ و لە 16ی ئازاری 1988دا، رژێمی عێراق کۆمەڵکوژییەکی گەورەی بە چەکی کیمیایی دژ بە خەڵکی بێتاوانی هەڵەبجە ئەنجام دا. لە لە ئاکامدا زیاتر لە پێنج هەزار منداڵ و ژن و پیر ژیانیان لێسەندرایەوەو بە هەزارانیش بریندار بوون. بۆمبارانکردنی هەڵەبجە بە چەکی کیمیایی یەکێک لە زنجیرە تاوانەکانی رژێمی بەعسی عێراق بوو بۆ جینۆسیادکردنی کورد لە باشووری کوردستان. هەروەک لە پێشدا بە کیمیابارانی ناوچەکانی بادینان و بالیسان و شێخ وەسانان و قەرەداغ دەستی بە پرۆسە بەدناوەکەی ئەنفال بە مەبەستی قڕکردن و لەناوبردنی کورد و کوردستانیان کردبوو.

هەر لە سەرەتاوە کە رژێمی بەعس لە عێراقدا دەسەڵاتی گرتە دەست، دەستی بە کۆمەڵکوژی و تواندنەوەی گەلی کورد کرد. دواتر کەوتە گیانی کوردانی فەیلی و بەهەزارانیان کوشت و بە دەیان هەزاریشیان دەربەدەرو بێ سەروشوێن کردن. هەر لە سەرەتای ساڵانی هەشتاکانی سەدەی رابردوو، 8 هەزار بارزانیان پێکەوە گرتن و کۆمەڵکوژیان کردن. لە پرۆسەکانی ئەنفالدا و لە ماوەی چوار ساڵدا لە هەموو باشووری کوردستان هەر لە گەرمیانەوە تا بادینان زیاتر لە 182 هەزار کەسی بێتاوانیان راپێچی بیابانەکانی باشووری ئێراق کردو کۆمەڵکوژو زیندەبەچاڵیان کردن. زیاتر لە 4000 دێ و دێهاتی کوردستانیشیان خاپوور کرد.

بەڵام ئەوەی لە هەڵەبجە کردیان نموونەیەکی هەرە گەورەی تاوانەکانی سەدەی بیستەم بوو. لە ماوەی چەند خولەکێکدا 5000 کەس کۆمەڵکوژکران و هەزارانیش بریندار بوون. بۆیە هەڵەبجە بوو بە سومبوڵ و زامێکی قووڵ لە جەستەی گەلی کوردستاندا.

گەلی کوردستان لە سەدەی رابردوودا رووبەڕووی چەندین کۆمەڵکوژی بۆوە، لێ مخابن ئەو تاوانانە تا ئێستاش لە دادگا نێودەوڵەتیەکاندا وەک جینۆساید نەناسراون. بێگومان هەوڵ و تەقەلای زۆر بۆ ئەو مەبەستە دراوە. بەڵام بەداخەوە تا ئێستا هەر لە چوارچێوەی مافی مرۆڤدا ماون و نەبوونە کەیسێکی سیاسی.

با هەرکەسێک ئەو راستییە بزانێت تا ئێستاش هێرشی کۆمەڵکوژیی لە دژی کوردان کۆتایی نەهاتووە. هەتا ئێستاش ئەو هێرشانە بە شێوەی جیاواز لە سەر هەر چوارپارچەی کوردستان بەردەوامن. هەردوێنی بوو لە شەنگاڵ خەڵکی ئێزدی قەلاچۆکران و ژن و کچ و مناڵیی کوردان رفێنران و بەهەزاران زیندەبەچاڵ و بێسەروشوێن کران. ئێستاش هەمان مەترسی لەسەر شەنگاڵ هەیە. 10 ساڵ بەر لە ئێستا تاوانێکی کۆمەڵکوژیی بەرامبەر گەلی جزیرەی بۆتان کرا. 8 ساڵ لەمەوبەریش هەمان تاوان لە عەفرین کرا. 7 ساڵ پێش ئێستاش هەمان سیناریۆ لە گرێ سپی و سەرێ کانی دووبارە بووەوە. 2 مانگ پێش ئێستا هەوڵیان دا هەمان سیناریۆ لە حەلەب و سەرتاسەری ڕۆژاڤا جێبەجێ بکەن. ئێستاش لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست شەڕ و ململانێی گەورە هەیە و مەترسی کۆمەڵکوژی بەردەوامە.. پێویستە بزانین لە 38ەمین ساڵڕۆژی کۆمەڵکوژیی هەڵەبجەدا هێشتاش کۆمەڵکوژیی لە زۆر شوێنی کوردستان لە رۆژەڤدایە. بۆ ئەوەی هەڵەبجەیەکی تر درووست نەبێت پێویستە هێزە سیاسیەکانی کوردستان پێکەوە رێکبکەون و پێکەوە خاوەندارێتی لە هەموو کوردستان بکەن. پێویستە هێزی بەرگری و پاراستنی کوردستان ببنە یەک و بەهێزبکرێن.

ئێستا ئاوەدانکردنەوەو بوژانەوەی هەڵەبجەو شەنگاڵ و هەموو ئەو دەڤەرانەی رووبەڕووی کۆمەڵکوژی بوونەوە، هەروەها چارەسەرکردنی برینداران و باشکردنی گوزەرانی خەڵکی ئەو ناوچانە و بەجێماوانی ئەنفال و تاوانەکانی تر، ئەرکێکی نەتەوەیی و ویژدانی و ئەخلاقییە. ئەرکێکی دیکەی نەتەوەیی و ویژدانی و ئەخلاقیی ئاوەدانکردنەوەی هەلەبجەو مسۆگەرکردنی ژیانێکی شایستەیە بۆ دانیشتوانەکەی. دابینکردنی خزمەتگوزاری و پێویستیەکانی خەڵکی ئەو شارە بریندارەیە. پێویستە هەمیشە هەڵەبجەو کارەساتی هەڵەبجە بە چالاکی کۆمەڵایەتی و کلتوری و هونەری و سیاسی بەبیربهێنرێتەوە.

تراژیدیای هەڵەبجە لە رووی مرۆڤایەتیەوە بوو بە ناسنامەی قەلاچۆکردنی کوردان. کارەساتی شەنگاڵیش بەهەمانشێوە ناسنامەی ئەو دۆخەیە. هاوتەریبی ئەمانەش بەرگری و بەرخۆدان، بە تایبەتیش بەرخۆدانی کۆبانێ، هاوسەنگەری و پێکەوبوونی هێزی بەرگریی کوردستانییان لە دژی تیرۆریزمی داعشیی، ناسنامەی بەرخۆدان و بەرگریی ئافراندووە و دەئافرێنێ.

ئەو جەربەزەیی و بەرخۆدانە بەرامبەر تێرۆر و داگیرکاریی کە دەنگدانەوەیەکی جیهانی هەیە، هەمانکاتیش هێزێکی مەزن بە ئێمە ئەبەخشێ و رێگای گەیشتن بە ئامانجەکانمان فراوانتر ئەکات.

ئێمە هەرگیز هەڵەبجە لە یاد ناکەین، هەروەک چۆن دێرسیم، گەلی زیلان، سەردەشت، مەریوان، عامودا، ئەنفال، کوردانی فەیلی، یارسان، یەزیدی، شەنگال، رۆبۆسکی و هەموو کۆمەڵکوژیەکانی تر کە بەدەستی داگیرکەران کراون، لەیاد ناکەین. بەڵی ئێمە هەرگیز هەڵەبجەو جزیرەی بۆتان و شەنگاڵ و حەڵەب لە یاد ناکەین.

ئێمە وەک کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان جارێکی دی لە کەسێتی شەهیدانی هەڵبجەو ئەنفالدا، سەرجەم شەهیدانی کوردستان بەبیردێنینەوە، سەری رێز بۆ یادی ئەوان دائەنەوێنین.

 

کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان-ك.ن.ك

15ی ئازاری 2026 برۆکسل

 

چارەسەری ژنانی کورد و سیاسەتی کوردی لە مەیداندا