کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لەیادی سی و حەوت ساڵەی کۆمەڵکوژی وئەنفالی گەلی کوردا لەباشوری کوردستان، سەری شکۆو رێز بۆ تەواوی شەهیدانی کوردستان دادەنەوێنێت و نەفرەت لەهەموو دیکتاتۆرو ستەمکارێکی مێژو دەکات.
کۆنگرەی نەتەوەیی خەباتی بێوچان دەکات، کە چی دی گەلی کوردو گەلانی ناوچەکە لەهەڕەشەی جینۆساید بەدوور بن، هەروەک ئەرکی دەزگاو دەسەڵاتدارانیشە کەیسی ئەنفال بکەنە نێودەوڵەتی. هەروەها لەپەروەردەدا بایەخی زیاتری پێبدرێت تاکو لە یادەوەریی نەتەوەییماندا بۆ هەمیشە بە زیندووی بمێنێتەوەهەروەها پێویستە ژیانێکی شایستە بۆ کەسوکاری ئەنفالکراوان دابین بکرێت و تاوانباران بەسزای یاسایی بگەیەنرێن و بەرپرسانە لەئاستی کەیسەکەدا مامەڵەبکەن.
ئێمە لە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لەم بۆنە خەمناکەدا جارێکی تر داوای یەکڕیزی و پێکەوەیی گەلی کورد، لەهەموو پارچەکانی کوردستان دەکەین .هیواخوازین لەهەرێمی باشوری کوردستان بە زووترین کات حکومەتێکی نیشتمانیی خزمەتگوزار دروستبێت، کەبەتەواوی لەخزمەتی خاک وخەڵکدابێ. لەتورکیاو باکوری کوردستان ئاشتی تەواوەتی بێتە دی و دەرگای زیندان بەڕوی ئازادیخوازاندا بکرێتەوەو سەرۆکی نەتەوەیی ئازادبێت تا خێراتر پرۆسەی ئاشتی بەرەو پێش بچێت. هەروەها بەرخودانی ئاشتیانەو ئازادیخوازاەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەئاکام بگات. ڕۆژئاوای کوردستانیش هەروەک چۆن بووە بەڕووگەی ئازادیخوازانی دنیا بەئامانجی تەواوەتی بگات.
کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان جارێکی دیکە لە یادی ئەنفالدا سەری رێز بۆ هەموو قوربانیان و شەهیدانی رێگای ئازادی دادەنەوێنێت. بەڵێن دووبارە دەکاتەوە کە لەسەر بە نێودەوڵتیکردنی کەیسی ئەنفال درێژە بە خەبات و تێکۆشانی خۆی لەو بوارەدا بدات.
دروود بۆ شەهیدان
سەرکەوتن بۆ خەباتی ڕەوای گەلەکەمانە
کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان / کۆمیتەی باشور