هێرشی چەتەکان لە دێر حەفیر شەرمەزار دەکەین

Share this article

 

هێرشی چەتەکان لە دێر حەفیر شەرمەزار دەکەی

چەتەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق کە هاوکات دەوڵەتی تورکیا پشتیوانیان دەکات، ماوەیەکە هێرش دەکەنە سەر دێرحەفیر و دەوروبەری لە ڕۆژهەڵاتی حەلەب. سەرەڕای ئاگربەست و هەموو هۆشدارییەکان، ئەم هێرشانە بەردەوامن. لە هێرشەکانیاندا گوند و شارۆچکە و خەڵکی ناوچەکە دەکەنە ئامانج. هەرە دوایی، ڕۆژی شەممە (20ی ئەیلوولی 2025) نزیکەی کاتژمێر 19.00ی ئێوارە، گروپە چەتەکان تاوانێکی دیکەیان دژی دانیشتوانی ناوچەکە ئەنجامدا. گروپە چەتەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق ڕاستەوخۆ بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و دواتر بە تۆپ ماڵە مەدەنییەکانی گوندی ئوم تینا لە دێرحەفیر لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی حەلەبیان کردە ئامانج. لە ئەنجامدا 7 هاوڵاتی مەدەنی کە ژن و منداڵیان تێدایە شەهید بوون و 4 کەسی دیکەش بریندار بوون. ئەم تاوانە یەکێکە لەو زنجیرە کۆمەڵکوژی و پێشێلکارییە سیستماتیکیانەی کە لەلایەن چەتەکانەوە لە سوریا ئەنجام دەدرێن.

ئامانج لەم هێرشە شکاندنی ئیرادەی گەل و بڵاوکردنەوەی ترسە لە نێو خەڵکی سڤیلدا. ئێمە لە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بە توندی ئیدانەی ئەم کۆمەڵکوژییە دڕندانەیە دەکەین. هاوکات داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هەموو هێزە پەیوەندیدارەکان دەکەین کە دژی کۆمەڵکوژی و تاوانەکانی جەنگ لە سەرتاسەری سوریادا بوەستن و پاڵپشتی هەوڵەکانی بنیاتنانی سوریایەکی دیموکرات بکەن.

هەمانکات پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی کەسوکاری شەهیدانی ئەم کۆمەڵکوژییە دەکەین و هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین.

کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان

2025.09.21 برۆکسل

 

 

 

 

 

 

#10557
سێیەمین ساڵیادی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی