لە خەبات بۆ چارەسەری پرسی ڕەوای گەلی کورد دا دوێنێ ڕۆژێکی مێژووی بوو، وەفدێکی بەرفراوانی دەم پارتی سەردانی دورگەی ئیمرالییان کرد و لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجالان کۆبوونەوە، دوایە شاندەکە پەیامی بەڕێز ئۆجالانیان بەناونیشانی “بانگەواز بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک” لەگەڵ خۆیان هێنا و بۆ ڕای گشتییان ڕایانگەیاند. ئامانجەکانی ئەم بانگەوازەی بەڕێز ئۆجالان بریتییە لە ئاشتیی، بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک لە تورکیا و کوردستان، رێخۆش کردن بۆ سیاسەتی دیموکراسییانە، دیموکراتیکردنی تەواوی تورکیا و هەروەها چارەسەرکردنی پرسی کوردە بەڕێگای ئاشتی و دیالۆگەوە.
ئەم بانگە بۆ زۆرلایەنی جیاوازە. بانگە سەرەکییەکە بۆ بەرپرسانی دەوڵەتی تورکییە کە دەبێت جەنگ بووەستێنن، ڕێگە بە سیاسەتی دیموکراتیک بدەن، هەلومەرجی ئازاد کارکردنی بەڕێز ئۆجەلان دابین بکەن، پرسی کورد بەرنە پەرلەمان و بە شێوەیەکی دیموکراتیک چارەسەر بکرێت.
داوا لە لایەنی کوردی دەکرێت کە بەپێی سیاسەتی دیموکراتیک خۆی ڕێکبخاتەوە بە گرتنەبەری رێکاری سیاسیی چەک لە گۆڕەپانی تێکۆشان دەربخەن!
وەک کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان داوا لە هێز و رێکخراوە نێودەوڵەتیی و ڕای گشتی لە ئاستی جیهان دەکەین، هەستیار نزیکی ئەم پرسە ببنەوە و پشتیوانی لە چارەسەری دیموکراتیکی پرسی کورد بکەن، چونکە پرسە کە تا دێت قووڵتر دەبێت و چارەسەری زەحمەتتر دەبێت و مەترسی لەسەر ئارامی و سەقامگیری ناوچەکە زیاتر دەکات.
وەک کەنەکە ئەم بانگەوازەی بەڕێز ئۆجەلان بە گرنگ و مێژوویی دەبینین و پشتیوانی لێدەکەین و کاردەکەین بۆ ئەوەی ئەم دەرفەتە بقۆزینەوە و هەموو سەرچاوەکانمان بۆ چارەسەرێکی ئاشتیانە و دیموکراسییانە دەخەینە گەڕ.
بەم بۆنەیەوە:
داوا لە دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی تورکیا دەکەین ئەم دەرفەتە مێژووییە لەدەست نەدەن و وەڵامی ئەرێنی بۆ ئەم بانگەوازە بدەنەوە، ڕێگا بۆ سیاسەتی دیموکراتیک و چارەسەرکردنی پرسی کورد لە ڕێگەی دیالۆگەوە بگرنە بەر.
وەڵامدانەوەی نێودەوڵەتی تا ئێستا زۆر بەرفراوان و ئەرێنی بووە، بەڵام بەس نییە، داوا لە هێزە جیهانییەکان دەکەین کە هەنگاو کردەیی بنێن و ڕۆڵی خۆیان بۆ بەدی هێنانی ئاشتی و هاوسەنگی بگێڕن و بۆ ئەم مەبەستە تەنیا لێدوان دەر کردن بەس نییە.
داوا لە هەموو پارت و ڕێکخراوە کوردییەکان و هەموو خەڵکی کوردستان دەکەین لەم کاتە هەستیارەدا پێکەوە هەنگاو بنێن و پاڵپشتی بانگەوازی “ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک” بکەن و یەکڕیزیمان پتەوتر بکەین و خەبات بۆ ئاشتی و دیموکراسی بڵیند بکەینەوە.
کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان – کەنەکە
٢٨-٠٢-٢٨