سێیەمین ساڵیادی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی

Share this article

 

سێیەمین ساڵیادی شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازاد

سێ ساڵ لەمەوبەر دەنگی “ژن، ژیان، ئازادی” لە شەقام و گۆڕەپانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە هەڵهات و لە ماوەیەکی کورتدا بووە دەنگی هەموو ئازادیخوازانی ئێران و لەوێشەوە بوو بە دروشمێکی جیهانی. دەنگێک کە لە ناخی ئازارەکانی گەلان و چین و توێژە بندەستەکانی کۆمەڵگای رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانەوە سەریهەڵدا، بەڵام بە ئومێد و بوێرییەوە، سنوورەکانی بەزاند و بوو بە ئیلهامبەخش بۆ ملیۆنان کەس لە ئێران و لە سەرانسەری جیهاندا.

ئەم بزووتنەوەیە لە هاواری ژنان و گەنجانەوە لەدایک بووە؛ ئەو ژنانەی لە دژی ستەم و دیکتاتۆریەت وەستانەوە و بە ژیانی خۆیان ڕێگایەکی نوێیان کردەوە. لە بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی” ژنان و گەنجان ڕۆڵی پێشەنگ و چارەنووسسازیان هەبووە و هەیە. ژنان لە ئێران بە گشتی و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی ساڵانێکە ڕووبەڕووی هەڵاواردن و چەوساندنەوە و زەوتکردنی سەرەتاییترین مافەکانی مرۆڤ بوونەتەوە؛ لە سنووردارکردنی جلوبەرگ و ژیانی کەسییەوە تا دەگاتە دوورخستنەوە لە گۆڕەپانە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان. هەروەها گەنجان لەگەڵ بێکاری و هەژاری و نەبوونی داهاتوویەکی گەش و نایەکسانیەکی گەورەدا ڕووبەروون. ئەو هەلومەرجە ناڕەوایانە بووە هۆی ئەوەی ژنان و گەنجان یەکەم کەس بن کە بڕژێنە سەر شەقامەکان و ببنە دەنگی ناڕەزایەتی و بە ئازایەتی و خۆڕاگری خۆیان ئیلهامبەخش بن بۆ کۆمەڵگای ئێران و جیهان.

ئەمڕۆ لە سێهەمین ساڵیادی ئەم ڕاپەڕینەدا، شاهیدی ئەوەین کە “ژن، ژیان، ئازادی” بووەتە پردی پێکەوە بەستنەوەی نێوان کورد، فارس، بەلووچ، عەرەب، و هەموو پێکهاتە جیاوازەکانی ئێران؛ پەیوەندییەک کە سنووری جوگرافیای تێپەڕاندووە و بووەتە زمانێکی گشتگیر بۆ دادپەروەری و ڕزگاریی لە ستەم.

ئەم راپەڕینە هەروەک چؤن ئەزموونێکی گرنگە بۆ سەرجەم گەلانی ئێران کە ئیمکانی رووبەڕووبوونەی هەموو دەسەڵاتێکی نادادپەروەرو سەرکوتکەر هەیە، ئاواش ئەزمونێکی گەورەیە بۆ گەلی رۆژهەڵات و لایەنە سیاسیەکانی، کە خەڵکی ڕاپەڕیو پیشانی دا کە یەکڕیزی و یەکدەبگی چ هێزێکی کاریکەرو خوڵقێنەرە.

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) ئەم ڕۆژە نەک هەر وەک بیرهێنانەوەی ڕابردوو، بەڵکو وەک سەرەتای هەنگاوێکی نوێ دەبینێت. ئێمە پێمان وایە یەکخستنی ژنان و گەنجان و گەیاندنی پەیامی ئەم بزووتنەوەیە بە جیهان و داکۆکیکردن لە مافی گەلان یەکێکە لە ئەرکە سەرەکییەکانی درێژەدان بەم شۆڕشە.

ئەمڕۆ لە هەموو کاتێک زیاتر ڕوونە کە “ژن، ژیان، ئازادی” تەنیا دروشمێک نییە؛ چرای گۆڕانکارییە، بڵێسەیەک کە دەتوانێت تاریکی بشکێنێت و سەرەتایەکە بۆ گەیشتن بە کۆمەڵگایەکی ئازاد و دیموکرات.

ژن ژیان ازادی

کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان – کەنەکە

برۆکسل 2025.09.15

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

سەبارەت بە رووداوەکانی سلێمانی