هەر وەک ئاشکرایە دەوڵەتی تورکی فاشیست و داگیرکەر، لەم رۆژانەی دواییانەدا بە شێوەیەکی دڕندانە و بە بەردەوامی لە دژی بەکاربردن، فێرکردن و پەروەردەی زمانی کوردی وەستاوەتەوە و هێرش دەکاتە سەر کەسان و سازیەکانی زمان.
لە سەرەتا هونەرمەندێکی کوردیان بە تۆمەتی ئەوەی بە کوردی گۆرانی چڕیوە، کوشتیان. دوای ئەو رووداوە گەنج و لاوانی کورد کە شایی و هەڵپەرکێی کوردیان دەکرد، لەلایەن پۆلیسەکانی دەوڵەتی کوالیسیۆنی AKP/MHP ەوە دەستەسەرکران. دوای ئەوەش هەڵیانکوتایە سەر ئاهەنگ و زەماوەندەکانی خەڵکی کورد. بەمەشەوە نەوەستانەوە چەتەکانی دەوڵەت لە شاری ستەمبۆڵ کەسێکیان بە بیانووی ئەوەی کە بە تەلەفون لەگەڵ یەکێک لە بنەماڵەکەی بە کوردی دەدوا، کوشتیان. چەتەکانی هەمان دەوڵەت هێرشیان بردە سەر کۆمەڵێک کرێکاری کورد کە بۆ بژێوی ژیانی رۆژانەیان کرێکاری دەکەن و چاودێریکران و هەنێکیشیانیان گرت.
بەهۆی ئەوەی کە لە دژی ئەو رەفتارانەی دەوڵەت هیچ کاردانەوەیەک ئەنجام نەدرا، بۆیە کێشەیان بۆ ئەو شوێنانەی کە وانەی زمانی کوردی تیا دەگوترێتەوە و دەخوێندرا دروست کرد و بە دوای بیانوویەک\ رێگایەک دەگەڕێن بۆ ئەوەی ئەو شوێنانە داخەن و ئەو چاودێریکردن و هێرشانە تا ئێستا بەردەوامن. لەم رۆژانەی دواییەدا لە شارەوانیانەی کە باخچەی ساوایانیان کردبووەوە لەسەر دیوارەکانی چەند رێنماییەکی هاتوچۆیان لەسەر نووسیبوو لەلایەن چەتە فەرمی و نافەرمیەکانی دەوڵەتەوە بەدواداچوونیان لەسەرکرا و دواتر سڕدرانەوە و لابران و بەڕێوەبەر و فەرمانبەرانی ئەو شوێنانەوە لێپرسینەوەیان لەگەڵ کرا. ئێستایش پشکنەرەکانی دەوڵەت شارەدەریەکانی ئامەد، وان و شارەکانی دیکە بەدواداچوون و پشکنین دەکەن و بۆ لێپرسینەوەی کردنەوەی شوێنی وانە وتنەوە لە بیانوو دەگەڕێن.
دوێنە بەیانیەکەی هێرشیان بردە سەر باڵەخانەی کۆمەڵەی لێکۆڵینەوەی زمان و کلتووری مێسۆپۆتامیا ) MED-DER ) و کیتابفرۆشی PAYÎZ PIRTÛK ودوای ئەوە هەڵیانکوتایە سەر ماڵی بەڕێوەبەر و مامۆستایانی MED DER و خەباتکارەکانی PAYÎZ PIRTÛK تەواوی هاوسەرۆک، بەڕێوەبەر و مامۆستایان دەستەسەر کران. زۆرێکیش لە پەرتووک و گۆڤارەکانی کە بە زمانی کوردی بوون وەکو نموونە بۆ تاوان لەگەڵ خۆیاندا بردیان. هەروەها لە شاری ئەزمیریش بەڕێوەبەری ژن ئارت JinArt هونەر لەلایەن چەتەکانی دەوڵەتەوە دەستەسەرکراوە.
دەوڵەتی فاشیستی تورکیای داگیرکەر جارێکی دیکە دوژمنایەتی خۆی بەرامبەر زمان، کلتوور، وێژە، مێژوو و هونەر و فۆلکلۆری کوردی بە گەلی کوردی نیشان دا و هەموو نرخ و بەهاکانی کوردانیان پێشێل کرد.
لەبەر ئەم تاوانە دڕندانەی دەوڵەتی تورکیا ئێمە لە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان – ک ن ک بانگەوازی لە هەموو رێکخستنە سیاسیەکان، سازی، دام و دەزگا مەدەنی و پیشەییەکان، ئباوەڕی و ئاینی، کۆمەڵایەتی و رۆشنبیری، ئەکادیمیەکان، نووسەران و هەموو وڵاتپارێزە کوردستانیەکان دەکەین کە بەیەکەوە و بە یەک دەنگیی لە بەرامبەر ئەم هێرش و رەفتارە نا ئەخلاقی و دڕندەکانی نەژادپەرستانی دەوڵەتی کوالیسیۆنی AKP-MHP ی تورکیا کاردانەوە و هەلوێستی توندوتۆڵ بە کۆمەڵ و بە یەک دەنگ نیشان بدەن و لەم نرخ و بەها پیرۆزیانەی گەلی کورد و کوردستان بە خاوەن دەرکەون.
دیسانەوە ئێمە لە ک ن ک، ئەم هێرشە دڕندانە و نەژادپەرستانە بە توندی شەرمەزار دەکەین. بۆ ئەوەی بەیەک دەنگی هەلوێست و کاردانەوە بنرێ و وەرگیرێ هەموو ونیشتمانپارێزانی کوردستان ئاگاداردەکەینەوە.
دوپاتی دەکەینەوە، زمان و کلتور و فۆلکلۆر و هونەری کوردی شەنگەستە و پێناسەی هەبوونمانە.
کۆمسیۆنی زمان، کلتور و پەروەردەی ک ن ک