کرێکاران و رەنجدەران بە تێکۆشان و خۆڕاگریی خۆیان، بە ئارەقەی نێوچەوان و رەنجی خۆیان 1 ی گوڵانیان کردە رۆژی یەکێتیی، تێکۆشان و هاوپشتیی کرێکارانی جیهان. ئەم جەژنە لە ئێستادا لە سەانسەری دنیا وەک رۆژێکی تایبەت و واتادار پیرۆز دەکرێت. با رۆژی یەکی گوڵان لە سەرجەم کرێکار و زەحمەتکێشانی کوردستان و دنیا پیرۆز بێت.
رۆژی یەکی گوڵان جەژنی هەموو خەڵکی کوردستانە. کوردستانیان سەدان ساڵە لە پێناو ئازادی و رزگاری و ژیانێکی ئاسوودە و سەرفراز تێدەکۆشن. ئەم تێکۆشانە خۆی لەخۆیدا رەنجێکی کەورە و بەهادارە. لەبەر ئەوە خەڵکی کوردستان کرێکار و رەنجدەری ئازادی و رزگارین. هەر بۆیە کوردستانیان پێکەوە و بە شانازیەوە ئەم جەژنە پیرۆز دەکەن و بە جەژنی خۆیان دەزانن.
با ئەم جەژنە لە تەواوی خەڵک و گەریلا و پێشمەرگە و شەڕڤانان، لە هەموو خەباتکارانی دۆزی ئازادی و رزگاری کوردستان پیرۆز بێت.
رژێمە سەرکوتکەرەکان، هەمیشە یادی ئەم جەژنەیان قەدەغە کردووە. هەزاران لەمپەر و بەربەستیان خستۆتە بەردەم کرێکار و رەنجدەران، تا ئەم رۆژە وەک جەژن پیرۆز نەکەن. بەڵام خەڵکی بێ سلەمینەوە، بەردەوام درێژەیان بەخەبات و تێکۆشان و رەنجی خۆیان داوە و لە دیوی خەباتدا ئەم جەژنەیان کردۆتە حەقیقەت وساڵانە پیرۆزیان کردووە. گەلی کوردیش هەر لە سەرەتاکانی بوونی ئەم رۆژە بە جەژن وەک جەژنی خۆی قەبوڵی کردووە و بە جۆش و خرۆشی زۆرەوە ئاهەنگی گێڕاوە.
ئەمساڵ، ئێمە کورد و کوردستانیان لە دۆخێکی هەستیار و جدیدا پێشوازی لە 1 ـی گوڵان دەکەین. لە چوار لای کوردستان هێرش و پلانی دژ بە گەلی کورد بەردەوامە. دوژمنان پرۆژەکانیان گەورەن، هەموو دەستکەوتەکانی کورد لەژێر مەترسیی گەورەدان. دەوڵەتی تورکیا خۆی بۆ هێرشێکی گەورە ئامادە دەکات. هەموو ئامادەکارییە سەربازییەکانی خۆی تەواو کردووە. لە مانگەکانی پایزەوە دەستیان بە هەڵمەتێکی دیپلۆماسی کردووە. وەفدەکانیان لە ئەوروپا و ئەمریکا و ڕووسیا و ئێران و وڵاتانی عەرەبیین. بە چڕی دەچنە عێراق. دەیانەوێت ئێران و عێراق بکەنە شەریکە شەڕ و هێرشی خۆیان. ئامانجی یەکەم ناوچەکانی پاراستنی میدیا و سەرجەم بنکەی گەریلاکانە. پاشان ڕۆژاڤای کوردستانیش هەیە. ئەوان بەم شێوەیە مەبەستی خۆیان دەردەبڕن، بەڵام لە بنەڕەتدا، هەموو کورد بە باشووری کوردستانیشەوە دەکەنە ئامانج و دەیانەوێت هەموو کورد لەناوببەن. پێویستە هەموو حزب و ڕێکخراو و هێزەکانی کوردستان ئەو ڕاستییە ببینن و بەپێی ئەم دۆخە هەڵسوکەوت بکەن. بۆیە دەبێ هەموو هێزە کوردستانیەکان یەکدەنگی و یەکێتیی خۆیان پتەوتر بکەن و لەیەک سەنگەردا دژ بەو پیلانە بووەستنەوە و پوچەڵی بکەنەوە.
پێویستە هەموو هێزەکانی کوردستان لەدژی هێرش و پیلانی داگیرکەران بە هەڵوێست بن. بەم بۆنەیەوە داوا لە هەموو کورد و کوردستانیان دەکەین بە جۆش و خرۆشی جەژنی نەورۆز، لە هەموو شوێنێک بەشداری لە ئاهەنگەکانی 1ی ئایار بکەن.
کەنەکە پیرۆزبایی یەکی ئایار لە خەڵکی کوردستان و هەموو خەڵکی جیهان دەکات.
کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان رۆژی 1ی ئایار لە هەموو خەڵکی کوردستان و دنیا پیرۆز دەکات.
کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان
30.04.2024 برۆکسڵ