پایەدار بێت یادی دوو ساڵەی شۆڕشی ” ژن، ژیان – ئازادی”

Share this article

وا دوو ساڵ بەسەر شۆڕشی ژن – ژیان – ئازادی تێدەپەڕێت. ئێمە بە ڕۆحیەتی ئەم تێکۆشان و بەرخۆدانە لە کەسایەتیی کچە قارەمانی کورد ژینا ئەمینی و هەموو ئەوانەی لە لەپێناو  ئازادی و یەکسانیدا گیانیان بەخت کرد، ئەم یادە بەبیر دێنینەوە. هەروەها بۆ تەواوی تێکۆشەرانی ئازادی و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان دروود دەنێرین.

لە ساڵی 2022 ەوە دوا بە دوای کوژرانی ژینا ئەمینی کە بە شێوەیەکی دڕندانە بە دەستی هێزەکانی رژێمی ئیسلامیی ئێران شەهید کرا، لە رۆژهەڵاتی کوردستان و سەرتاسەری ئێران، بە پێشەنگایەتی ژنان سەرهەڵدانێکی مەزنیان دەستپێکرد. راپەڕینەکان خۆڕسکانە و  ئامانج ئامێزانە لە دژی گوشار و فشارەکانی دەسەڵاتدارانی رژێمی جمهوری ئیسلامی ئێران لە دژی چەوساندنەوەی خەڵکی ئازادیخواز بە دروشمی ژن – ژیان – ئازادی گۆش دەکران، راپەڕین و خۆپێشاندانەکان گەورە و گەورەتر و بەرفراوانتر دەبوون. 

لە ژێر سایەی چەمکی ژن – ژیان – ئازادی کە ببوو بە تێگەهێکی جیهانی و پۆرکی خۆی لە لاپەڕەکانی مێژوو دا، ژنان لە هەموو دونیادا لە دەوری ئەم دروشمە کۆبوونەوە و بە یەکگەیشتن.

ئەمڕۆ لە هەموو کون و قوشپنەکانی جیهان ژنان لە دژی سیاسەتی داپڵۆسین و ژێردەستەکردنی ژنان و نایەکسانی و بەکۆیلەکردن تێدەکۆشن. ژنان لە حەقیقەتی فەلسەفەی ژن – ژیان – ئازادی دا دەنگ و هاواری خۆیان بەرز دەکەنەوە.

بنەما و مەرجی مەحەکی سەرکەوتنی ژنان لە ژێر دروشمی ژن – ژیان – ئازادی یدا لە تێکۆشانی سەد ساڵەی ژنانی کورد لە دژی زهنیەتی فاشیزمی داعش ئاسای دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستانەوە سەرچاوەی کردووە. ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان و  ئێرانیش بەهەمان شێوە کە خاوەن ئەزموونی تێکۆشان و  پەرپەرچبوونەوەی ئەو عەقڵیەتەی دەسەڵاتداری پیاو سالاری و کۆنەپەرستین، بەردەوامی و پەرەیان بە بەرخۆدانەکەیان دا و سەلماندیان کە سەرباری فشار و سیاسەتی قڕکردن و داپلۆسینانەی دەسەڵاتی کۆنەپەرستی هەرگیز ملکەچ بابن و بەرگری لە بیرۆزیی ئازادی و یەکسانی دەکەن.

ئەم تێکۆشانەی ژنانی کورد، دەسەڵاتدارە سەردەستەکانی وا تەنگاو کردووە، بێ باکانە دەست بۆ هەموو زوڵم و زۆردایەک دەبەن. لێرەدا ژنان کە بوونەتە مۆتەکەی ترس بۆ دەسەڵاتداران و هێز و باوەڕ و ئومێد بە تێکۆشەرانی ئازادیی گەلان دەبەخشێت. بۆیە هێرشەکان، فشارەکان و دەستدرێژی بۆ سەر ژنان زیاتر بووە.

دەسەڵاتداران، دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان بەرامبەر بە هێز و ئیرادەی ژنان نیگەرانن، بۆیە چەندی ژنان، بەتایبەتیش ژنانی کورد و کوردستان زیاتر خۆیان بەهێز و رێکخستن بکەنەوە دەسەڵاتداران و دەوڵەت سیاسەتی توندوتیژی بەرامبەریان زیاتر دەکەن.

رژێمی ئیسلامی ئێران بەباشی درک بە هێزی تێکۆشانی ژنانە! بە دەرکردنی سزای قورسیش بەتایبەتی سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر ژنانی چالاکوان و تێکۆشەردا وەکو تۆڵەسەندنەوە دەیەوێت رێڕەو و گڕوتینی ئەم بەرخۆدانە لاواز بکات و رێگاکانی ئاستەنگ بکات. بەڵام نە سیاسەتی ترس و تۆقاندن و نە سێدارە نابنە ئاستەنگ لەبەردەم تێکۆشان و خەباتی ژنان لە پێنار ئازادی و یەکسانیی. هەروەها دەسەڵاتداران ناتوانن بە کوشتن و لەسێدارەدانی ژنان، ژنان ملکەچ بکەن و دەست لەم خەباتەیان هەڵگرن. بەم پێیە ئەمڕۆ لە زۆرێک شوێنی دونیا تێکۆشانی ژنان بە ئیرادە و بوێریەکی بەرزەوە بەرەو پێش هەنگاو دەنێت و چرای خەبات و تێکۆشانیان تا دێت رووناکتر و گەشتر دەبێت.

 

ئێمە لە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان – ک ن ک داوا لە ژنانی کوردستان لە ناو خاکی کوردستان و ژنانی دەرەوە لە تاراوگە دەکەین بە گیانی پیرۆزی شۆڕشی ژن – ژیان – ئازادی یەک هەڵوێست و یەکگرتوو بن و تێکۆشان و خەباتی هاوبەشانەی مەزنتر ئەنجامبدەن.

بانگ لە هەموو رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان و سازیە دیموکراتیخوازەکانی دونیا و بزووتنەوەکانی ژنان دەکەین کە بەرامبەر سیاسەتی قڕکردن و کوشتن و سێدارەدانی ژنانی کورد و ئازادیخوازان خاوەن دەنگ هەڵوێست بن.

 

 

کۆمیسیۆنی ژنانی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان – ک ن ک

2024.09.14

 

 

لە یەکەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی هەڤاڵ دەنیز جەودەت لە دژی کردە تێرۆریستییەکانی دەوڵەتی تورکیا دەنگ هەڵبڕن
دادگایی کەیسی تێرۆرکردنی شەهید دەنیز جەودەت