شەپۆلێکی تری رەگەزپەرستی لە کۆماری تورکیاوە بۆ سەر گەلی کورد

Share this article

هێرشە رەگەزپەرستیەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بۆ سەر بەها، نرخ و پیرۆزیەکانی نەتەوەی کورد رۆژ لەدوای رۆژ بەرفراوانتر دەبن. کۆشتن و کۆمەڵکوژی و تاڵانکردنی خاک لە سەد ساڵی رابردوودا، کە بەسەر گەلەکەمان ئەنجامیان داوە بەس نەبوو! ئێستا رێ لە شایی و هەڵپەرکێ و نمایشە فۆلکلۆریەکانی گەنجان و جەوانانی کورد دەگرن دەیانخەنە زیندانەوە.

ئەو نووسین و هێما و تابلۆی سەر شەقامەکان لادەبەن کە لەلایەن شارەوانیەکانی باکوری کوردستانەوە بە زمانی کوردی نوسراون. وەک چۆن پێشتریش ئەو نوسراوە کوردیانەیان لەسەر کێلی مردوو و شەهیدەکان نوسرابوون لایانبردن و پۆستەرەکەی ئەحمەدی خانی یان تێکشکاند و چەندین تاوانی تری لەم جۆرەیان بەرامبەر بە گەلەکەمان ئەنجامداوە.

ئەگەر بەمشێوەیە بەردەوام بێت و گەلەکەمان لەبەرامبەری ئەم تاوانانە بێ دەنگ و بێ هەلوێست بێت، ئەوا ئەو رەفتارە رەگەزپەرستیانەیان بەرفراوانتر و زیاتر دەبێت. تەنانەت سزای گەورەساڵەکانیشمان دەدەن ئەوانەی کە زمانی کوردی نازانن.

ئەمە سەرەتای شەپۆلێکی نوێی فاشیزم و رەگەزپەرستیە و دەوڵێت دەیەوێت دەستکەوتی خەبات و تێکۆشانی 100 ساڵەی نەتەوەکەمان لەناو ببات. دەوڵەت ئەوە باش دەزانێت کە گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەتەوەیەکی رەسەنە و هەمیشە لەسەر خاکی خۆی ژیاوە و مێژوویەکی هەزاران ساڵی هەیە، بۆیە دەیەوێت ئێستای نەتەوەی کورد، کلتوور،  هونەر،  وێژە و فۆلکلۆرەکەی لە رێگای کردە رەگەزپەرستیەکانیانەوە لەناو ببات.

هەر نەتەوەیەک بە زمان، کلتوور و هونەری خۆیەوە بە زیندوویی دەژی، ئەگەر ئەم سەروەت و سامانە نەمێنن، بە دڵنیاییەوە ئەو میللەتە هێواش هێواش نامێنێ و لەناو دەچێ.

ئەم دەوڵەتە فاشیستە کە زیاتر لە 100 ساڵە کۆمەڵکوژی و فرە زوڵم و زۆری بەسەر گەلی کورد و کوردستانیان کردووە، بەڵئم دەبێت ئەوە بزانرێت کە مەترسیترین و قورسترین کۆمەڵکوژی، ئاسمیلەکردنی گەلی کورد و گەلانی تری کوردستان لەناوبردنی بەها نەتەوەییەکان و نرخە مرۆڤایەتیەکانیانە.

لەپێناو تێکشکان و لاوازکردنی رەگەزپەرستی، بە پلەی یەکەم پێویستەلەسەر دەزگا رۆشنبیری و سیاسیەکانی کورد بە گشتی وکورد و کوردستانیان لە بەرامبەر ئەم شەپۆلە نوێیەی فاشیزمی دەوڵەتی تورکیا بوەستنەوە و هەلوێستی نەتەوەیی خۆیان نیشان بدەن و لە هەموو ماڵ، کوچە هەر شوێنێکی ژیان بە کلتوور، هونەر  و کاری فۆلکلۆری کوردیەوە بڕازێننەوە و رۆحی نەتەوەیی و نیشتیمانی پێ بەهێزتر و پتەوتر بکەن.

 

کۆمسیۆنی زمان، کولتوور و پەروەردە

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان – ک.ن.ک

2024.08.01

 

لە دەهەمین ساڵوەگەڕی جینۆسایدی شەنگاڵدا
دوازدەهەمین ساڵوەگەڕی خۆسەریی ڕۆژاڤای کوردستان پیرۆز بێت