ساڵی نوێ، ساڵی 2024 پیرۆز بێت

Share this article

ساڵێکی تریش، ساڵی 2023 بە هەموو ئەنجامە باش و خراپەکانییەوە، ساڵی خەبات بوو بۆ گەلەکەمان. ساڵ بە تێکۆشانێکی گەورە لە هەر چوار پارچەی کوردستان تێپەڕی.
ئەمساڵ لە باکوری کوردستانیش هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بەبێ بەردەوام بوون. لە بەرامبەر ئەو هێرشە سەختانەدا، هێزەکانی گەریلا و هەموو دینامیکەکانی گەلەکەمان، بە قوربانیدان و قارەمانێتییەکی زۆرەوە، بەرگرییان کردو هێرشەکانیان بێ ئەنجام کردەوە و ئیدیعاکانیان ڕەتکردەوە. ئەمساڵ سەدەمین ساڵیادی (29.10.2023)ی دامەزراندنی کۆماری تورکیا بوو. سەرکردەکانی دەوڵەتی تورکیا، لە سەرەتای ساڵدا، چەندین جار دەیانگوت تا 29ی ئۆکتۆبەر، “ڕێکخراوی جوداخواز و و تیرۆریست”، واتە تەڤگەری ئازادیی گەلی کوردستان لەناو دەبەین و بە تەواوی کۆتاییان پیدێنین. بەڵام هێزەکانی گەریلا و گەلی قارەمانمان بە بەرخۆدانی بێهاوتای خۆیان ئەو بانگەشە بی بنەمایانەیان پووچەڵ کردەوە. بەرخۆدانی تایبەتی لە خاکورک، مەتینا، زاپ و ئاڤاشین، ئەو ئەو راستییەی سەلماند. لە باکوور لە هەموو بوارەکاندا بەرخۆدان بەردەوامە. بەرخۆدانی ئەمڕۆی باکووری کوردستان، چ لە زیندانەکان، چ لە گۆڕەپانی سیاسی یان لە گۆڕەپانی گەریلا، بەرخۆدانێکی پیرۆز و ئەفسانەییە.
لە باشووری کوردستان، هەرچەندە پێگەیەکی دەستووری فیدراڵی هەیە، بەڵام پێگەی ناوچە دابڕاوەکان ( ناوچەکانی مادەی 140) ڕوون نییە. خەڵک لە کەرکوک و خانیقین و هەموو ناوچە کوردستانییەکان ئاوارە دەبن و دیمۆگرافیای ناوچەکەش لە گۆڕاندایە. دوای هێرشی داعش، تا ئێستا شەنگال نەهاتۆتەوە سەرخۆی. کۆچبەران نەگەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان و هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بەردەوامن. لە باشوور پەرلەمان داخراوەو و دیار نییە کەی هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت. جگە لەوەش لە باشوور دۆخێکی ئابووری جددی هەیە و گەلەکەمان ئاسوودە نییە. عێراقیش بە قەیرانێکی گەورەدا تێدەپەڕێت. ئایندەی عێراق ڕوون نییە. ئەم دۆخە هەڕەشە بۆ سەر هەرێمی کوردستانیش دەهێنێت. لە لایەکی دیکەوە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا وردە وردە لە زیادبووندایە. ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستی بە یەکریزییی هەیە. دەبێت بە گرنگیدانێکی زۆرەوە چاودێری دۆخەکە بکرێت و خەبات دژی داگیرکەران چڕتر بکرێتەوە.
لە ماوەی ئەمساڵدا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان خەبات بۆ ئازادی بە هەموو شێوەیەک بەردەوام بوو. ئەگەر کەمێک لاوازیش بووبێت، بەڵام شۆڕشی ژن – ژیان – ئازادی بەردەوامە. دەوڵەتی ئێرانیش هاوشێوەی دەوڵەتی تورکیا لە ماوەی ئەمساڵدا درێژەی بە هێرشەکانی دا و جارجارە هێرشی دەکردە سەر بەشی باشووری کوردستانیش. لە ڕێگەی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە فشارێکی زۆری لەسەر حزبەکانی ڕۆژهەڵات دروست کرد و مانەوەیانی لە باشوور قورس کرد. ڕێژیمی ئێران بە ململانێ و کێشەی ناوخۆیی و دەرەکیدا تێدەپەڕێت. ئەم دۆخە دەرفەت بۆ بەهێزکردنی خەبات دەهێنێت. هیوادارین ئەم دۆخە ببێتە هۆی ئاڵوگۆڕێکی دیموکراسی لە ئێران و بناغەی ئازادی و ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
لە ڕۆژاڤا دوانزە ساڵە قەوارەیەکی چالاک هەیە. ئەمە دەستکەوتێکی گەورەیە و پێویستە بە هەموو شێوەیەک بپارێزرێت و فەرمی بکرێت. تا ئێستاش ڕژێمی سوریا بۆ چارەسەری سیاسی و ئاشتیانە ئامادە نییە. دەوڵەتی تورک بەردەوامە لە هەڕەشە و هێرشەکانی بۆ سەر ڕۆژاڤا. لە ماوەی ئەمساڵدا چەندین هێرشی بەرفراوانیان ئەنجامداوە. بەتایبەتیش ژێرخانی ڕۆژاڤا و شوێنەکانی خزمەتگوزاری و ژیانی ڕۆژاڤا دەکەنە ئامانج. هێزە ئەمنییەکان لە حاڵەتی ئامادەیی (زەنگی ئاگادارکردنەوە) و بەرخۆداندان. خەباتی سیاسی و دیپلۆماسیش بە فراوانی بەردەوامە. ڕۆژاڤا زیاتر و زیاتر لە ئاستی نێودەوڵەتیدا قبوڵ دەکرێت. ڕۆژاڤا بە هەموو شێوەیەک پێویستی بە یارمەتی هەیە. پێویستە هەموو هێزە کوردستانییەکان و هەموو خەڵکی کوردستان و دۆستانی کورد شەو و ڕۆژ چالاک بن بۆ پاراستنی ڕۆژاڤا. خاوەدەرکەوتن ڕۆژاڤا بە واتای خاوەندەرکەوتنە لە هەموو کوردستان.
دۆخی زیندانیانی سیاسی کوردستان کە لە زیندانەکانی تورکیا و ئێراندان زۆر خراپە. ئەشکەنجە و لەسێدارەدان لە زیندانەکانی ئێران بەردەوامن. لە زیندانەکانی تورکیادا ئەشکەنجە و گوشار بۆ سەر زیندانییەکان رۆژ بە رۆژ زیاتر دەبێت. لەماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا (34 مانگ)، ، هیچ زانیارییەکیان لەسەر بەڕیز عەبدوڵڵا ئۆجەلان و سێ هاوڕێکەی کە لە زیندانی ئیمراییدان نییە. به هۆی ئه م بارودۆخه وه به پاڵپشتی دۆستانی گه لی کورد که مپەینێک به ناوی “ئازادی بۆ عه بدوڵڵا ئۆجهلان – چاره سه ڕیی بۆ پرسی کورد” ده ستی پێکردووه . هەروەها زیندانیانی سیاسی کورد بۆ پشتیوانی لەم هەڵمەتە نزیکەی 40 ڕۆژە مانیان لە خواردن گرتووە. پێویستە دەنگی زیندانییەکان ببیسترێت، هەمووان ئاگاداری زیندانییەکان بن. ئێمە وەک کەنەکە بە هەموو هێزمانەوە بەشداری ئەم هەڵمەتە دەکەین و پشتگیریی خواستی زیندانییەکان دەکەین.
لە مانگەکانی کۆتایی ئەمساڵدا شەڕێکی توند لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەریهەڵدا. هێرشی بەرفراوانی هێزەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل شەڕێکی توندی لێکەوتەوە و بووە کێشەیەکی جیهانی. ئەگەری شەڕ لە ناوچەکەدا هەیە. دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان، ئەگەر ناڕاستەوخۆش بێت، بە جۆرێک لە جۆرەکان لایەنێکی ئەم شەڕەن. ئەم شەڕە دۆخێکی نوێی بۆ ناوچەکە هێنا. مەترسی لەسەر گەل و وڵاتەکەمان هەیە، بەڵام دەتوانێت دەرفەتیش بهێنێتە ئاراوە. لەم کاتە هەستیارەدا پێویستە هێزەکوردستانیەکان بە وردی هەڵسوکەوت بکەن و بە قووڵی ئەم دۆخە هەڵسەنگێنن. پێویستی بە یەک دەنگی و یەکڕیزی و هاوکاریی هەیە. ئێمە وەک کەنەکە بە هەموو شێوەیەک هەوڵ دەدەین هێزە کوردستانیەکان کۆبکەینەوە و ستراتیژێکی هاوبەشی کوردستانی لە بەرامبەر ئەم دۆخە هەستیارە دابڕێژین.
لە کۆتایی ساڵی 2023دا، ئەگەر ئەنجامگیریەکای ناوخۆیی بۆ ساڵەکە بکرێت، ئەوا ئەتوانین بڵێین سەرەڕای هەموو ئازار و قوربانیدانەکان، هەروەها سەرەڕای هەموو هەڵە و کەموکوڕیەکانی کار و خەبات، تێکۆشان بۆ ئازادی هەر سەرکەوتوو بووە. هێرشی دوژمنان پووچەڵ و بێئامانج کراونەتەوە. ئیدی کاتی ئەوە هاتووە هێزە کوردستانیەکان، بەهەر شێوازێک بێت، پێویستە لە ڕێگەی دیالۆگی ناوخۆییەوە پرس و کێشەکانیان چارەسەر بکەن، بە تەبایی و یەکڕیزیی هەوڵەکانی دوژمن و داگیرکەران تێکبشکێنن.
هیوادارین ساڵی نوێ، 2024، ساڵی سەرکەوتن بێت، ساڵی خەونی گەشاوە بێت بۆ گەلەکەمان.
کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بەم بۆچوون و روانینەوە ساڵی نوێ لە گەلی کوردستان و هەموو گەلانی جیهان پیرۆز دەکات.

کۆنسەی بەڕیوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان
31ی کانونی دووەم، 2023
برۆکسل

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان ساڵرۆژی ڕاپەڕینی گەلی کوردستان پیرۆزدەکات.
په‌یامی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی كوردستان بۆ كوردستانیانی كه‌ركوكوك و ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان