دەنیز جەودەت بولبون ئەندام و نوێنەری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان-کەنەکە، لە باشووری کوردستان ، ڕۆژی 18ـی ئەیلولی 2023 لە نووسینگەی نوینەرایەتی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان، لە شاری هەولێر ، لە ئەنجامی هێرشێکی چەکداریدا لە لایەن دەزگای میتی تورکیا و بە هاوکاریی سیخوڕی ناوخۆ شەهیدکرا.
ئاشکرایە کە باشووری کوردستان پڕە لە دەزگای سیخوڕیی وڵاتانی دەوروبەر، بەتایبەتیش دەزگای هەواڵگریی میتی تورکیا. چەندین گروپی تێرۆر و سیخوڕییان دامەزرادووە. لەو چوارچێوەیەشدا گروپێکی تیرۆر بە سەرپەرشتی ئەفسەرانی دەزگای هەواڵگریی میت، پیلانی تێرۆرکردنی شەهید دەنیزیان داڕشت و شەهیدیان کرد. دواتر ئاسایش دوو تاوانباریان دەستگیر کرد کە هاوکاری پیلانەکە بوون و دەستیان لە تاوانەکەدا هەبووە.
پێشتر چەند جارێک بە بێ دانیشتنی دادگا، دادگاییکردنەکە دواخرا، دواتر دوای نزیکەی ساڵیک تێپەڕبوون بەسەر تیرۆرکردنی شەهید دەنیزدا، دادگا لە دوو دانیشتندابڕیاری دا. لە رۆژی 2024.09.10دا کۆتا دانیشتنی دادگا بوو لەسەر دادگاییکردنی تاوانباران (ج.س) و (ن .ع). دادگای تاوانەکانی هەولێر بە پێی مادەی دوو لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە هەرێمی کوردستان، بڕیاری بە سزادانی هەردوو تۆمەتبار بە بەندکردنی هەتا هەتایی دا.
لە قۆناغی لێکۆلینەوە لەگەل تاوانباران، هەردوو تاوانبار لەبەردەم دادوەری لێکۆلینەوەی ئاسایش دانیان بەوەدا ناوە کە کاریان بۆ دەزگای هەواڵگری تورکیا کردووەو هاوکاریی ئەو دەزگایەیان کردووە لە تیرۆر کردنی شەهید دەنیز . هەروەها جگە لەوە هەردوو تاوانبار دانیان بەوەداناوە کە لە ژێر فەرمانی دەزگای هەواڵگری تورکیا (میت) کاری سیخوڕیان ئەنجام داوەو تۆڕی سیخوڕیان لە سەرجەم شارەکانی دهۆک و هەولێر و سلێمانی و کەرکوک و کەلار دروست کردووە و چاودێری دەیان کەسیان لەو شارانە کردووە.
بە پێی لێکۆلینەوەکانی ئاسایش 8 تۆمەتباری دیکە کە دۆسیەکەیان لە ئاسایش ماوە لەسەر تیرۆرکردنی دەنیز جودەت داواکراون. لەوانە بکوژی سەرەکی تاوانەکە و هەروەها چەندین کارمەند و ئەفسەری دەزگای هەواڵگریی میتی تورکیای تێدایە.
جگە لە سزای هەتا هەتایی لەسەر کەیسی تیرۆر کردنی دەنیز جودەت ئاسایشی هەرێم سکالایەکی تری لەسەر هەردوو تاوانبار تۆمار کردبوو بە هۆکاری جاسوسی بۆ دەزگای هەواڵگری دەرەوەی هەرێم و تێکدانی ئاسایشی هەرێم. دادگا لەو دۆسیەدا بڕیاری دا بە سزادانی (ن.ع) بە 10 ساڵ زیندانی و (ج.س) بە 7 سال زیندایکردن.
ئێمە لە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان هەتا دوایی بەدوواچوون بۆ ئەم دۆزە دەکەین. پێویستە هەموو تاوانباران، ئەوانەی راستەوخۆ تیرۆرەکەیان ئەنجامداوە و هەموو ئەو ئەفسەرانەی دەزگای میت و ئەو سیخوڕانەش کە پیلانی ئەو کارەیان داڕشتووە ئاشکرا بکرێن و بدرێنە دادگاو سزای یاسایی بدرێن. ئەگەر نا تۆڕێکی سیخوڕی بەرفراوان بە سەرپەرشتی دەزگای هەواڵگریی میت ئەتوانێت لە داهاتوودا کردەی تریرۆستی زیاتر و زیاتریش ئەنجام بدات. بۆ رێگریکردن لەو تاوانانە سەرەتا ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە کە چیتر دەرگا بۆ ئەو دەزگا سیخوڕییانە واڵا نەکات، بەڵکو ئاشکرایان بکات و رێگرییان لێبکات. تا ئەو کاتەش کەیسەکە بە کراوەیی دەمێنێتەوەو لە ناوخۆ و دەرەوەی ولاتیش کاری لەسەر دەکەین.
هەروەها ئێمە لە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان سوپاسی بێپایانی هەموو ئەو نیشتمانپەروەرە دڵسۆزانە دەکەین بە بە دۆزی شەهید دەنیزەوە ماندوو بوون. بەتایبەتیش تیمی پارێزەران کە ئەرکی زۆریان کێشاو دۆزەکەیەن گەیاندە ئەم ئاستە.
کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان – ك. ن.ك
2024.09.11 برۆکسل