ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق لە 2024.08.05 بڕیارێکی بۆ داخستنی 3 لایەنی سیاسی عێراق و هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند، تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان (تەڤگەری ئازادی)، پارتی ئازادی و دیموکراسی ئێزیدی ( پادێ )، بەرەی تێکۆشانی دیموکراسی. ئەمە بڕیارێکی سیاسییە و لەژێر گوشاری دەوڵەتی تورکیا دراوە.
وەک دەزانرێت ماوەیەکی زۆرە سەردانی شاندەکانی هەردوو وڵات زیادی کردووە و لەم دیدار و دانیشتنانەدا لەسەر زۆر خاڵ لە دژی بزووتنەوەی ئازادیی گەلی کوردستان ڕێککەوتوون. لەم دواییانەشدا ئەردۆگان، سەرۆککۆماری تورکیا لە 2024.04.22 سەردانی عێراقی کرد و لە ئەنجامدا ڕێککەوتنێکی 26 خاڵی نێوان هەردوو وڵات واژۆ کرا. لە نێو ئەو ڕێککەوتنەدا گرنگترین بڕگە ئەوانەن کە دژی بزووتنەوەی ئازادیی گەلی کوردستانن. پێویستە هەموو کورد و کوردستانییەک بزانن کە سەردان و ڕێککەوتنی داگیرکەران لەسەر بنەمای باش بۆ ئێمەی کوردستانیان نییە. دوای ئەم سەردانانە، حکومەتی عێراق ناوی پارتی کرێکارانی کوردستانی وەک هێزێکی قەدەغەکراو ناونا و عیراق کەوتە سەر هێڵی دژایەتی. ئێستاش بڕیاری قەدەغەکردنی 3 پارتی دیکەی کوردی راگەیاند.
بڕیاری قەدەغەکردنی پارتی ئازادی و دیموکراسی ئێزدییەکان لە یادی 10 ساڵەی جینۆسایدی شەنگالدا بە ڕێکەوت نییە. بڕیاری دەستوەردان لە ویست و ئیرادە و باوەڕدارانی ئێزیدی، بەردەوامیی هێرشەکانی داعشە بۆ سەر ەڵکی ئێزدی.
ڕەنگە ئەم بڕیارە و ئەم کردەوەیە لە دژی هەندێک لایەنی کوردستان دەردەکەوێت، بەڵام لە کۆتاییدا دژی هەموو خەڵکی کوردستانە و ئامانجی تێکدانی بەرژەوەندی گەلەکەمانە. بەم بڕیار و کردەوانە هێواش هێواش حکومەتی عێراق دەکەوێتە سەر لۆژیک و هێڵی حزبی بەعس. ئەگەر پێش بەم سیاسەتە ناڕەوایە نەگیرێت، هەموو خواستەکانی گەلی کوردستان، بە پێگەی فیدراڵی هەرێمی کوردستانیشەوە، تێکدەشکێن. پێویستە هەموو هێزە کوردییەکان و هەموو هێزە دیموکراسیەکانی عێراق و هەموو عێراقییەکان کە وڵاتەکەیان خۆشدەوێت ئەم مەترسییە ببینن، ئەم بابەتە بە جددی وەربگرن و دژی ئەم هەڵوێستە بوەستن
تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان و پارتی ئازادی و دیموکراسی ئێزدی دوو پارتی کوردستانین و هەروەها ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستانن. کەنەکە دژی داخستن و قەدەغەکردنی هەموو ئەو لایەنە سیاسیانەیە. کەنەکە ئەو ئەو پارتانە بە پارتی شەرعی دەزانێت. کەنەکە بڕیارەکە بڕیارە سیاسییەکەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق ڕەتدەکاتەوە و ئیدانە دەکات.
بەم بۆنەیەوە ئێمە وەک کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان داوا لە حکومەتی عێراق دەکەین و دەڵێین ئەم ڕێگا داخراوەی ئێوە ڕێگایەکی هەڵەیە و پێویستە بە زووترین کات ئەو بڕیارە سیاسییە هەڵوەشێننەوە.
جگە لەوەش داوا لە هەموو هێز و لایەن و دامودەزگاکانی کوردستان دەکەین دژی ئەم بڕیارە بوەستن و بەرژەوەندی گەلی کوردستان بپارێزن.
کۆنسەی بەڕیوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان
2024.06.07 برۆکسل